📢
بەشی پەیوەندییە گشتییەکان دامەزراوە لە ساڵی٢٠٢١ لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی

بەشی پەیوەندییە گشتییەکان
دەروازەیەکی نوێ بۆ داهاتووت

ئەم بەشە تازەیە لە زانکۆی سلێمانی، زۆرێک لە خوێندکارانی پۆلی ١٢ و کەسووکاریان زانیاریان کەمە لەسەری. لێرەدا هەموو ئەوەی پێویستە بزانن کۆمکردووەتەوە: نمرەی وەرگیران، ئەو بابەتانەی دەیخوێنیت، و ئەو کارانەی دواتر دەتوانیت تێیدا کاربکەیت.

مێژوو و دەربارەمان هۆکاری دروستبوونی سایتەکە نمرەی وەرگیران وانەکان دەرفەتەکانی خوێندکار دواڕۆژی کار کەمپەینی مانگ فیدباکی خوێندکاران پرسیارە باوەکان پەیوەندی
دەربارەی بەشەکەمان

مێژوو و دەربارەی بەشەکەمان

بەشی پەیوەندییە گشتییەکان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە پێناو دەستخستنی کادری ئەکادیمی و پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕ دامەزراوە. لەم بەشەدا گرنگی بە هەردوو لایەنی تیۆری و پراکتیکی دەدرێت. بەهۆی گرنگی پەیوەندییە گشتییەکان لە نێو کەرتی تایبەت و حکومیدا، ئەو ئامراز و ڕێگایانە بەکارهێنرێت، کە یارمەتیدەرن لە بەرهەمهێنانی کادری پرۆفیشناڵی پەیوەندییە گشتییەکان. لەم بەشەدا، گرنگی تەواو بەو وانە و بابەتانە دەدرێت کە پێداویستی ئێستای سەردەمی بازاڕن وەکو ڕاوێژکاری سیاسی و ڕاوێژکاری ستراتیژی بەڕێوەبردنی دامەزراوە، داهێنان، دارشتنی ستراتیژ، براندینگ، لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتی بەکاربەر، پاراستنی ناوبانگ، بەڕێوەبردنی کەمپەین و خۆپارێزی لە کاتی قەیراندا.

٥

خوولی وەرگرتن

تاکو ئێستا بەشەکە ٥ خوولی وەرگرتنی هەبووە.

٢

خولی دەرچوون

٢ خولی دەرچوونیش تاکو ئێستا تەواوی کردووە.

وتەی دروستکەری سایتەکە

بۆچی ئەم سایتەم دروستکرد؟

کاتێک پۆلی ١٢م تەواو کرد، زۆر گەڕام بۆ دۆزینەوەی بەشێک کە لەگەڵ خولیا و ئارەزوو و ئەزموونم بگونجێت. لەنێو چەند بەشێکدا، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان زۆر سەرنجی ڕاکێشام — بەڵام چونکە بەشێکی تازە بوو لە زانکۆی سلێمانی، لە سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت زانیارییەکی زۆر کەمم دەستکەوت دەربارەی وردەکاری خوێندن، وانەکان، و هەلی کار.

پاشان چومە زانکۆ و دوای ئاشنابوون بە وانەکان، مامۆستا و دکتۆرە لێهاتووەکان، و بەتایبەتی سەرۆکی بەشەکەمان کە زانیاری زۆری هەبووە دەربارەی بەشەکە، بۆم دەرکەوت کە کارە ڕاستەکەم ئەنجام داوە. لەبەر ئەوە هەستام بە دروستکردنی ئەم سایتە بۆ خوێندکاران بۆ ئەوەی بە هەمان شێوەی من توشی کێشەی نەبوونی زانیاری نەبن سەبارەت بەم بەشە و زانیاری زیاتریان هەبێت.

— ئارا عەزیز
وردەگیری

نمرەی وەرگیران — ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦

ئەمانە نمرەکانی وەرگیرانی ساڵی پار بوون بۆ بەشی پەیوەندییە گشتییەکان. نمرەکان ساڵ بە ساڵ دەگۆڕێن بەپێی ژمارەی داواکار و کۆتای وەرگیراوان، بۆیە ئەمانە تەنها ڕێنماییەکن.

٦١.٢
کەمترین نمرەی وەرگیراو — زانکۆلاین
ساڵی ٢٠٢٥
٥٨.٧٩
کەمترین نمرەی وەرگیراو — پاراڵێل
ساڵی ٢٠٢٥
تێبینی: ئەم نمرانە بۆ ساڵی ڕابردوون و ڕەنگە ئەمساڵ بگۆڕێن. بۆ زانیاری وردتر و دووپاتکردنەوە، سەیری فۆڕمی زانکۆلاین یان بەشەکەمان بکە.
لە ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، ٨٠ خوێندکار وەرگیراوە.
پەرچەکردنی خوێندن

4ساڵی زانکۆت بە زیاتر لە 20وانەی بەهێز نەخشە ڕێگەی خوێندنەکەتە

کۆمەڵێک وانەی پڕاکتیکی و تیۆری دەخوێندرێ لە چوارچێوەی ٤ ساڵدا کە دەکاتە ٨ وەرزی خوێندن. ئەمانەش نموونەی هەندێک لە وانە گرنگەکانە.

🏅

بەڕێوەبردنی ناوبانگ و براند

پاراستن و بەهێزکردنی ناوبانگ و براندی کۆمپانیا و دامەزراوەکان.

🤝

پرۆتۆکۆڵ

ڕێز و ڕێساکانی پێشوازیکردن و بەڕێوەبردنی چالاکی فەرمی و دیپلۆماسی.

🗣️

زمانی جەستە و وتووێژی گشتی

لێهاتوویی بەکارهێنانی زمانی جەستە و قسەکردن لەبەردەم کۆمەڵگا بۆ پێشکەشکردنی پەیام بە شێوەیەکی کاریگەر.

💻

بەڕێوەبردنی سۆشیال میدیا و پەیجی ئەلیکترۆنی

بەڕێوەبردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵ، کەمپینی ڕاگەیاندن و پێشکەشکردنی زانیارییەکان لەسەر ماڵپەڕەکان.

🛒

مارکێتینگ

بەکارهێنانی ستراتیژەکانی بازاڕگەرمکردنی کاڵا و شتومەک و خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ڕەوشی بازاڕ.

🚨

بەڕێوەبردنی قەیرانەکان

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و پاراستنی وێنەی گشتی لە کاتی تەنگژەدا.

📷

فۆتۆگرافی و ڤیدیۆگرافی

وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ بۆ کەمپین و ناوەڕۆکی ڕاگەیاندن.

🤵

دیپلۆماسی

پرۆسەی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆ بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستکردنی هاوپەیمانی.

🕊️

پەیوەندی نێودەوڵەتی

لێکۆڵینەوە و پراکتیزەکردنی چۆنیەتی کارلێکی وڵاتان، حکوومەتەکان، ڕێکخراوەکان و خەڵک لە ئاستی جیهانیدا.

🎨

گرافیک دیزاین

گرافیک دیزاین لە پەیوەندییە گشتییەکاندا : بەکارهێنانی توخمە بینراوەکانە بۆ گەیاندنی پەیام، بەمەبەستی بەدەستهێنانی تێڕوانینی گشتی .

📺

ڕیکلام

شێوازەکانی دروستکردنی ڕیکلام و کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگا.

🏢

بەڕێوەبردنی دامەزراوە و پەیوەندییەکان

چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دامەزراوە و پەیوەندییەکانی.

📊

ستراتیژی و پلاندانان

دروستکردنی پلانی پەیوەندی گشتی بۆ کۆمپانیا و دامەزراوەکان.

🎤

بەڕێوەبردنی ئیڤینت و بۆنەکان

ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی چالاکی و ئیڤینتی گشتی.

📡

بەڕێوەبردنی پەیوەندییە میدیاییەکان

چۆنیەتی دروستکردن و بەڕێوەبردنی پەیوەندی لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامەنووسان.

🎬

بەرهەمهێنانی پەیوەندی گشتی

بەرهەمهێنانی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کان : پرۆسه‌‌ی دروستکردن، دیزاینکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی که‌ره‌سته‌ و بابه‌ته‌ ,به‌ مه‌به‌ستی شێوازپێدان به‌ وێنه‌ی گشتی، کەس ،دامەزراوە و پارت و لایەنێك و به‌ڕێوه‌بردنی ناوبانگی.

📣

هەڵمەتی پەیوەندی گشتی

هەڵمەتی پەیوەندییە گشتییەکان :زنجیرە چالاکییەکی ستراتیژی و کاتییە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراوی دامەزراوەیەك، براندێک، یان کەس و لایەنێك.

💰

ئابووری دامەزراوە

بنەماکانی ئابووری کە پەیوەندیدارن بە کارکردنی دامەزراوەکانەوە.

🌐

پەیوەندی گشتی دیجیتاڵی

بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان لە پەیوەندی گشتیدا لە سەردەمی ئۆنلایندا.

بەهای ڕاستەقینەی خوێندن

🎓 دەرفەتە زێڕینەکانی خوێندکار لەم بەشەدا

خوێندنی پەیوەندییە گشتییەکان تەنها وەرگرتنی زانیاری ناو کتێبەکان نییە، بەڵکو کۆمەڵێک دەرفەتی کردارییە کە لە ساڵانی خوێندندا کارامەییەکانت پەرە پێدەدات.

💡

پرۆژەی پڕاکتیکی ڕاستەقینە

خوێندکاران لە ساڵانی خوێندندا تەنها تیۆری ناخوێنن، بەڵکو کەمپەین و پلانی پەیوەندی گشتی بۆ براند و ڕێکخراوە ڕاستەقینەکان دیزاین دەکەن.

🏢

سەردانی مەیدانی و وۆرکشۆپ

ڕێکخستنی سەردانی مەیدانی بۆ کۆمپانیا گەورەکان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە حکومییەکان تا لە نزیکەوە ئاشنای ژینگەی کار ببن.

🤝

تۆڕی پەیوەندی بەهێز (Networking)

دەرفەتی دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەقینە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی PR و مارکێتینگی کۆمپانیاکان هێشتا لە سەردەمی خوێندندایت.

🛠️

پەرەپێدانی کارامەیی دیجیتاڵی

ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی مۆدێرنترین ئامرازەکانی دیزاین، فۆتۆگرافی، مۆنتاژ و بەڕێوەبردنی سۆشیال میدیا.

دواڕۆژی کار

🚀 ئەو پۆست و پیشانەی چاوەڕێی دەرچوانی ئەم بەشە دەکات

پەیوەندییە گشتییەکان زانستێکە دەرگای زۆر بوار و پیشەی جیاواز دەکاتەوە، کە لە ئێستاو داهاتوودا بایەخ و گرنگی زۆریان لە بازاری کاردا هەیە.

📊

توێژینەوە و پێوانەکردنی ڕای گشتی

ئەنجامدانی ڕاپرسی توێژینەوە و شیکردنەوەی ئاڕاستە و هەڵوێستی جەماوەر و پێشنیار کردن بۆ پارتە سیاسیەکان و دامزراوە میریی و تایبەتەکان.

📋

پسپۆڕی پەیوەندییە گشتییەکان (PR Specialist)

ئامادەکردن و جێبەجێکردنی کەمپەین و هەڵمەتی پەیوەندییە گشتییەکان، نووسینی بەیاننامە و هەواڵە ڕۆژنامەوانییەکان.

🏢

بەرپرسی پەیوەندیی دامەزراوە

بەڕێوەبردنی پەیوەندیی ناوخۆیی و دەرەکی دامەزراوە, دروستکردن و بەهێزکردنی ناسنامە و ناوبانگی دامەزراوە.

📱

بەڕێوەبەری/هەماهەنگکەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

بەڕێوەبردنی هەژمارە دیجیتاڵییەکان، ئامادەکردنی ناوەڕۆک و شوێنکەوتنی کاردانەوەی جەماوەر، و شیکردنەوەی ئامار.

✍️

نووسەری ناوەڕۆک و ڕیکلام

نووسینی هەواڵ، ڕاپۆرت و وتار، و ئامادەکردنی ماددەی بانگەشە و پڕۆمۆشن.

🎪

ڕێکخەری چالاکی، کۆنفرانس و پێشانگا

پلاندانان بۆ کۆنفرانس، پێشانگا و بۆنەکان، و هەماهەنگی لەگەڵ بەشداربووان و سپۆنسەرەکان.

🎙️

وتەبێژی فەرمی دامەزراوە و کۆمپانیاکان

نوێنەرایەتی دامەزراوە لە بەرامبەر میدیا، و بەڕێوەبردنی پەیامەکانی دامەزراوە.

💼

ڕاوێژکاری پەیوەندی و پەیوەندییە گشتییەکان

پێشکەشکردنی ڕاوێژ بۆ دامەزراوەکان و لایەنە سیاسییەکان و کۆمپانیاکان لە بوارەکانی ناوبانگ و بەڕێوەبردنی قەیران.

🤲

پسپۆڕی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی

بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی خزمەتگوزاری کۆمەڵگا، و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای خوارەوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان.

🌍

کارکردن لە کەرتی حکومی، تایبەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان، کۆمپانیا و بانک و دامەزراوە ئابوورییەکان، زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحکومییەکان.

دەرچووی پەیوەندییە گشتییەکان تەنها کارمەندێکی میدیایی نییە، بەڵکو پسپۆڕێکە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندی و دروستکردنی ناوبانگ و پەیوەندی نێوان دامەزراوە و جەماوەر، هەروەها دەتوانێت لە بوارەکانی میدیای دیجیتاڵ، پەیوەندی دامەزراوەیی، بەڕێوەبردنی قەیران، ڕێکخستنی چالاکییەکان، بازاڕگەری، کارکردن لە کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان و زۆر بواری گەشەسەندووەکانی تر کار بکات.

فێربوونی کرداری

🏆 کەمپەینی مێژوویی زانستی پەیوەندییە گشتییەکان لە جیهاندا

چۆن زانستی پەیوەندییە گشتییەکان (PR) سەرکەوتنی جیهانی بۆ گەورەترین کۆمپانیاکان دروست دەکات؟

کەمپەینی مێژوویی کۆکا کۆلا — "کۆکایەک ببه‌خشە بە..."

لە ساڵی ٢٠١١دا، کۆمپانیای کۆکا کۆلا (Coca-Cola) ڕووبەڕووی دابەزینی فرۆش ببووەوە لەناو گەنجاندا. تیمی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیاکە لە جیاتی بەکارهێنانی ڕیکلامی بەرهەمەکان، بڕیاریان دا لۆگۆیە سەرەکییەکەی سەر بوتڵەکان لاببەن و لە شوێنیدا **٢٥٠ ناوی کوڕان و کچانی باو** لەسەر بوتڵەکان بنووسن!

💡 نھێنی سەرکەوتنی PR لەم کەمپەینەدا:

کۆمپانیاکە شتومەکی نەفرۆشت، بەڵکو **پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هەستی تایبەتی** دروستکرد. خەڵک لە سۆشیال میدیا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی وێنەی بوتڵەکان بە ناوی خۆیان و هاوڕێکانیانەوە. بەمەش زیاتر لە **٥٠٠,٠٠٠ وێنە** لە ئینتەرنێت بڵاوبووەوە و فرۆشی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی **٢.٥٪ بۆ یەکەمجار دوای ساڵانێک زیادی کرد**.

کەڵکی ئەم نموونەیە بۆ تۆ: هێزی پەیوەندییە گشتییەکان لەوەدایە کە دەتوانێت ڕەفتار و بیرکردنەوەی جەماوەر بگۆڕێت بە بێ ئەوەی هەست بکەن ڕیکلامیان بۆ دەکرێت!

بۆچی ئێمە؟

بۆچی ئەم بەشە هەڵبژێریت؟

🆕

بەشێکی نوێ و مۆدێرن

وانەکان و شێوازی خوێندن بەپێی پێداویستی ڕاستەقینەی بازاڕی کار داڕێژراون، تایبەت بە سەردەمی دیجیتاڵ.

🎓

سەرپەرشتی بەهێز

سەرۆکایەتی و مامۆستایانی پسپۆڕ کە لە دامەزراندنەوە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی بەشیان داوە.

🌍

دەرفەتی کاری فراوان

لە کۆنسوڵخانە و کۆمپانیا تا دامەزراوەی میدیایی و دەرەوەی وڵات — بواری کارکردن یەک لایەن نییە.

🤝

کۆمەڵگایەکی چالاک

پەیجی فەیسبووک و ئینستاگرامی چالاک، چالاکی و ئیڤینتی بەردەوام لەنێو خوێندکارانی بەش.

دەنگی خوێندکاران

هەڵوێستی گەڕاوەی خوێندکاران لەسەر بەشەکە

💡 ڕاستییە شاراوەکانی ناو بەشەکە لە زمانی خوێندکارانی پێشخۆتانەوە (نهێنییەکان بخوێنەوە)

قۆناغی دووەم
سۆما ئیبراهیم ئەحمەد، قۆناغی ٢، پەیوەندییە گشتییەکان

چۆن بەشەکەم هەڵبژارد؟
سەرەتا ئامانجم پەیوەندییە سیاسییەکان بوو، بەڵام نمرەکەم کەمتر بوو بۆ وەرگرتنم تێیدا. دواتر گەڕام بۆ بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و تێبینیم کرد لەم بەشەدا هەلی کارکردن بۆ ئامانجەکەم گونجاوە.

چی زانیارییەکم دەربارەی هەبوو؟
هەوڵمدا زانیاری وەربگرم لە ماڵپەڕی سۆشیال میدیای زانکۆی سلێمانی، بەڵام زۆر ڕوون نەبوو لام.

ئێستا چۆن لێی دەڕوانم؟
بەو شێوەیە لێی دەڕوانم کە داهاتوویەکی زۆر گەش لە بەردەممە، و سەرکەوتنێکی زۆر باشم دەبێت.

چی فێربووم؟
ئەم بەشە فێری هونەری پەیوەندیکردنمان دەکات بە شێوەیەکی ستراتیژی، و کاریگەریمان لە کۆمەڵگا و لە دامودەزگاکان و تێگەیشتنی وردمان لە جەماوەری دامەزراوەکە، واتە گوێگرێکی باش بوون.

ماریا نەریمان، خاوەنی پلەی یەکەمی قۆناغی یەکەمی ساڵی ڕابردوو

چۆن بەشەکەم هەڵبژارد؟
ئەم بەشەم هەڵبژارد هەر لە قۆناغی ئامادەییەوە ئارەزووم لێی هەبووە، چونکە هەر زوو لە گرنگی ئەم بەشە تێگەیشتم لەبەر چەند هۆکارێک: ١- ئارەزوو دەکەم ببمە دەنگی کەسانی دیکە. ٢- ئارەزووی بزنسم هەیە و ئێرە بە بژاردەیەکی باش دەزانم.

چی زانیارییەکم دەربارەی هەبوو؟
نەمدەزانی خوێندنی ئەم بەشە لێرە چۆنە و وانەکانی چیین. لە ڕێگەی هاوڕێکەمەوە کەمێک زانیاری گشتیم وەرگرت، بەڵام بە تەواوی نا.

ئێستا چۆن لێی دەڕوانم؟
پێشتر چۆن سەیری بەشەکەمم دەکرد لە ڕووی گرنگییەوە، ئێستا زۆر زیاتر گرنگتر لێی دەڕوانم دوای ساڵێک خوێندن لە بەشەکە.

ئەژی بژار، قۆناغی ٢

چۆن ئەم بەشەت هەڵبژارد؟
هەڵبژاردە نەبوو، بەڵکو ناوهاتنەوە بوو بەپێی نمرەکەم.

چی زانیارییەکت دەربارەی ئەم بەشە هەبوو؟
هیچ، بەهۆی تازەیی بەشەکە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆم نەبووە لەسەری. بەڵام دواتر گەڕانم بۆ کرد و زانیاریم دەستکەوت.

ئێستا چۆن لێی ئەڕوانی؟
داهاتووی خۆمی لێدەبینم. ئەم بەشە دەرفەتی کارت پێدەدات، چ لە حکومەت یان کەرتی تایبەت، کە ئەگەر توانای تێدا بێت خۆت کاریگەری دەبێت.

چی فێربووی؟
گرنگی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەسییەکانمان، بایەخدان و برەودان بە پەیوەندییەکان.

قۆناغی سێیەم
شەنگە لەتیف سلێمان، قۆناغی ٣

چۆن بەشەکەت هەڵبژارد؟
سەرەتا لەبەر ئەوەی بەتەمای زانکۆی سلێمانی نەبووم، بۆخۆم هەر بە ئاسایی فۆڕمەکەم پڕکردەوە و لای ئیرادی ئەم بەشەم تێکرد، ئەگینا بە ویستی خۆم هەڵم نەبژارد.

چی زانیارییەکت دەربارەی هەبوو؟
لەبەر ئەوەی بەشەکە زۆر نوێ بوو، هیچ زانیارییەکی ئەوتۆم لەسەری نەبوو. بەڵام دوای ئەوەی ناوم لەو بەشە هاتەوە، لە زۆر سەرچاوەوە هەوڵمدا زانیاری لەسەری کۆبکەمەوە.

ئێستا چۆن لێی ئەڕوانی؟
بەڕاستی تاکە بڕیارە کە لە ژیانمدا یابێتم و لێی پەشیمان نەبووبێتمەوە. لەبەر ئەوەی من خۆم لەم بەشەدا دۆزییەوە، چونکە زۆر فراوانە و پەیوەندی زۆر باش لەگەڵ خەڵکدا دروست دەکەیت و بەشێکی وشک نییە. جگە لە هەمووی، هاوڕێیەتی بەڕاستی هاوڕێی زۆر باش و دڵسۆزم هەیە کە هەموو خەمخۆر و بەوەفان — لەبەر ئەوەش (خێزانی PR) بووە بە دروشمی بەشەکەمان.

چی فێربووی؟
فێری جۆرەها ڕێگا و شێواز بووم کە بتوانم پەیوەندی پێ ببەستم و کاریان پێ بکەم.

ئەشکان یاسین حسێن، قۆناغی ٣

چۆن بەشەکەت هەڵبژارد؟
کاتێک زانیم کە بەشەکە پەیوەندی بە کۆمەڵگا و ژیانی ڕۆژانەوە هەیە و ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن و ئەگەری ڕووداندنی هەیە لە داهاتوودا، پێشبینیکردنی بۆ ڕووداوەکانی کۆمەڵگا، زیاتر خولیام هەبوو بۆ بەشەکە و ویستم پەرە بەو بوارە بدەم چونکە خۆم حەزم لە پیشەیەکی لەو جۆرە بووە، هەستم دەکرد خۆم لەو بەشە دەبینمەوە.

چی زانیارییەکت دەربارەی هەبوو؟
سەرەتا هیچ زانیارییەکم نەبوو، بەحوکمی ئەوەی بەشەکە بەشێکی تازە بوو. پرسیارم کرد و هەندێک مامۆستا یارمەتیان دام، دواتر کە بۆم ڕوون بووەوە بەبێ هیچ دوودڵییەک لە یەکەم بەشی فۆڕمەکەمم دانا. دواتر سێرچم بۆی کرد و زانیاری زیاترم دەربارەی بەشەکە زانی کە پەیوەندی بە حکومەت و سیاسەت و کەرتی تایبەت و گشتی و کۆمپانیا و دامەزراوەکانەوە هەیە. زیاتر خولیای کارە سیاسییەکانم هەبوو، دواتر دڵنیایی تەواوم وەرگرت کە بەشێکی تەواو سەرکەوتووە.

ئێستا چۆن لێی ئەڕوانی؟
ئێستا وەک بەشێکی سەرکەوتوو، بەشێکی زۆر باش لێی دەڕوانم. هیچ پەشیمان نیم لە هەڵبژاردنی بەشەکەم و زۆر حەزم لێیەتی، هیواداریشم زیاتر پەرەی پێ بدرێت لە ساڵانی داهاتوودا.

چی فێربووی؟
زۆر شت لەم بەشەدا فێربووم — فێری ئیدارەدانی وێنەی زەینی و دروستکردنی ناوبانگی باش و شیکاری جەماوەر و ئیدارەدانی قەیران و پێشبینیکردن و بەرەنگاربوونەوە و داڕشتنی پەیامی ستراتیژی و میدیایی و ڕووبەڕووبوونەوەی پڕوپاگەندە و هtd. بە کورتی زۆر شتی باش لەم بەشەدا فێربووم و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر خولیام بۆ بەشەکە و زانیاریەکانی مامۆستا ئازیزەکان زیاتر دەبێت. فێربووم کە پەیوەندییە گشتییەکان پردێکە لە نێوان ڕێکخراو و کۆمەڵگەدا، فێربووم چۆن بە شێوازێکی زانستی و ئەخلاقی ئەم پردە بپارێزم.

دینا دلێر جەبار، قۆناغی ٣

چۆن بەشەکەت هەڵبژارد؟
سەرەتا زانیارییەکی زۆرم نەبوو لەسەری، بەڵام بەشی پەیوەندییە گشتییەکانم وەک پردێکی سەرەکی لە نێوان ڕێکخراو، کۆمپانیا و جەماوەردا بینیوە. حەز و ئارەزووی خۆمم لە کارامەییەکانی پەیوەندیکردن و بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا دۆزییەوە.

چی زانیارییەکت هەبوو لەسەر بەشەکە؟
تەنها تێڕوانینێکی گشتیم هەبوو کە بۆ ڕیکلام و ڕەنگدانەوەی کارەکان بەکاردێت.

ئێستا چۆن بەشەکەت دەبینی؟
ئێستا بەشەکەم بە یەکێک لە ستوونە سەرەکی و ستراتیژییەکانی هەر سەرکەوتنێک دەبینم. تێگەیشتووم کە پەیوەندییە گشتییەکان تەنها وەڵامدانەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو پلاندانانی پێشوەختەیە بۆ پاراستنی ناوبانگ و دروستکردنی بەهای درێژخایەن بۆ دامەزراوەکە.

چی فێربووی؟
توانای گوێگرتنی چالاک و شیکردنەوەی بۆچوونی جەماوەر. فێربووم چۆن پەیامێکی ڕوون، کاریگەر و متمانەپێکراو بگەیەنم و وێنەی ڕاستەقینەی دامەزراوەکە پیشان بدەم.

گۆڤار شۆڕش ئەحمەد، قۆناغی ٣

چۆن بەشەکەم هەڵبژارد؟
بەهۆی حەز و خولیای بەهێزم بۆ دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندن و تێگەیشتن لە ڕای گشتی ئەم بەشەم هەڵبژارد، وەک دەرفەتێک بۆ ئەوەی بە شێوازێکی زانستی بوارەکانی ڕێکخستنی کارگێڕی، پرۆتۆکۆڵ و بەڕێوەبردنی کەشوهەوای دەزگایی فێربم.

چی زانیارییەکم دەربارەی هەبوو؟
زانیارییە سەرەتاییەکانم کورت بوون، بەڵام خاوەنی چەند هاوڕێیەک بووم لەم بەشە کە یارمەتیدەرێکی زۆر باش بوون بۆ زیادکردنی زانیارییەکانم سەبارەت بەوەی کە پەیوەندییە گشتییەکان پردی پەیوەندی نێوان ڕێکخراو و جەماوەرەکەیەتی، هەروەها دەمزانی بەشێکە لە بوارە گرنگەکانی میدیا و بەڕێوەبردن کە یارمەتی دروستکردنی وێنەی ئەرێنی کۆمپانیا و دامەزراوەکان دەدات.

ئێستا چۆن لێی ئەڕوانم؟
ئێستا بەشەکە بە زۆر فراوانتر و گرنگتر دەبینم لە تەنها بەڕێوەبردنی ئاسایی، وەک هونەر و زانستێکی ستراتیژی لێی دەڕوانم بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، دروستکردنی ناوبانگی ڕێکخراوەیی و هەماهەنگی پرۆتۆکۆڵی و ڕێکخستنی چالاکییەکان.

چی فێربووم؟
فێری تیۆرەکانی پەیوەندیکردن، ستراتیژییەکانی بەڕێوەبردنی قەیران، بەڕێوەبردنی هەڵمەتە ڕاگەیاندنییەکان و کارامەییەکانی پێشکەشکردن بووم، لەگەڵ ئەوەشدا فێری دروستکردنی ناوەڕۆکی میدیایی بەهێز و تێگەیشتن لە بنەماکانی ڕەفتاری جەماوەر بووم.

قۆناغی چوارەم
لاوان تاریق محەمەد، قۆناغی ٤

چۆن بەشەکەم هەڵبژارد؟
چونکە بەشێکی تازە بوو، سەرنجی ڕاکێشام؛ حەزم کرد بوارێکی نوێ تاقیبکەمەوە کە تێکەڵەیەکە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستن و ڕاگەیاندن.

چی زانیارییەکم دەربارەی هەبوو؟
تەنها تێگەیشتنێکی سەرەتایی؛ کە بەشێکە بۆ ڕێکخستنی وێنەی دامەزراوەکان و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا.

ئێستا چۆن لێی دەڕوانم؟
بە بەشێکی ستراتیژی و گرنگی دەبینم کە هیچ کۆمپانیا یان دامەزراوەیەک ناتوانێت بێ ئەوە سەرکەوتوو بێت.

چی فێربووم؟
فێری هونەری گفتوگۆ، بەڕێوەبردنی بۆنە و ئیڤینتەکان، و پرۆتۆکۆڵ بووم.

ئاکام نەجمەدین، قۆناغی ٤

چۆن بەشەکەت هەڵبژارد؟
ڕەفیقێکم لەو بەشە بوو، منیش بەهۆی ئەوەوە هەڵمبژارد.

چی زانیارییەکی دەربارەی هەبوو؟
هیچ زانیارییەکی سەرەتایم نەبوو، تەنها ئەوەنەم دەزانی زۆرینەی بابەتەکان بە کوردی دەخوێندرێن.

ئێستا چۆن لێی دەڕوانم؟
بەشێکی تازەیە و تا ئێستا زۆر ناسراو نییە لە ناو دامەزراوە و کۆمەڵگا.

چی فێربووم؟
باشترکردنی پەیوەندی نێوان دامەزراوە و جەماوەر و چەندان شتی دیکە.

هەنار فاضل، قۆناغی چوار

چۆن بەشەکەت هەڵبژارد؟
بەشەکەم هەڵبژارد چونکە حەزم لە پەیوەندی‌کردن لەگەڵ خەڵک و کارکردن لە بواری میدیا و ڕێکخستنە.

چی زانیاریت دەربارەی هەبوو؟
پێش ئەوەی بچمە بەشەکە، زانیاریم هەبوو کە پەیوەندییە گشتییەکان بە پەیوەندی لەگەڵ خەڵک، میدیا و بەڕێوەبردنی وێنەی دامەزراوەکانەوە پەیوەندی هەیە.

ئێستا چۆن لێی دەڕوانێت؟
ئێستا بەشەکەم بە گرنگتر و فراوانتر دەبینم و باوەڕم وایە بوارێکی گرنگە بۆ دامەزراوە و کۆمپانیاکان.

چی فێربووی؟
فێربووم چۆن پەیوەندییەکی کاریگەر لەگەڵ خەڵک دروست بکەم، کێشەکان چارەسەر بکەم، کار بە تیم بکەم و ڕێکخستنی بۆنە و چالاکییەکان بکەم.

سەروەت محمد، قۆناغی ٤

چۆن بەشەکەت هەڵبژارد؟
حەزی زۆرم بۆ کاری سیاسی هەبوو دەمویست بزانم کەسایەتیە سیاسیەکان چۆن دەتوانن کاریگەری بخەنە سەر ڕای گشتی و جەماوەر بەچی ڕێگایەک تا زانیم لە ڕێگای کەسانی پەیوەندییە گشتیەکانەوە ئەو کاریگەریە دروستدەکەن.

چی زانیاریەکت دەربارەی هەبوو؟
تەنها ئەوەندەم دەزانی کە کەسایەتیە سیاسیەکان تیمیان هەیە بۆ ئەوەی وتارو دەرکەوتنیان لە میدیاکانەوە ڕێکبخەن نەم دەزانی ئەم بەشە هێندە قوڵە پشتی بە توێژینەوەی دەرووناسی خەڵک بەستوە بۆ بەدەستهێنانی متمانە.

ئێستا چۆن لێی دەڕوانی؟
ئێستا بە سەرەکیترین هۆکاری سەرکەوتنی هر کارێکی سیاسی دەیبینم.

چی لێ فێربووی؟
بەڕێوە بردنی کەمپەینی هەڵبژاردن و نوسینی گوتاری سیاسی ، کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانە سیاسیەکان وپاراستنی ناوبانگ ، شێوازی قسەکردن لە میدیاو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ، توێژینەوە.

وەڵامی خێرا

❓ پرسیارە باوەکان

ئەم وەڵامانەی خوارەوە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ڕوونکردنەوە دەدەن لەسەر ئەو پرسیارانەی زۆرترین جار لە لایەن خوێندکارانی نوێوە دەپرسرێن.

١. ئایا خوێندن لە بەشی پەیوەندییە گشتییەکان بە چ زمانێکە؟
زۆربەی وانە سەرەکییەکان بە زمانی کوردی دەخوێندرێن، لەگەڵ هەندێک زاراوەی ئەکادیمی و وانەی تایبەت بە ئینگلیزی بۆ بەهێزکردنی ئاستی زمانی خوێندکاران.
٢. ئایا تەنها خوێندکارانی لقی وێژەیی دەتوانن بێنە ئەم بەشە یان لقی زانستیش؟
دەرچووانی هەردوو لقی وێژەیی و زانستی دەتوانن لە ڕێگەی زانکۆلاین یان پاراڵێلەوە داواکاری پێشکەش بکەن.
پەیوەندی

هێشتا پرسیارت هەیە؟

پەیوەندی بە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی سلێمانی بکە بۆ زانیاری زیاتر لەسەر وەرگرتن و خوێندن.

💬 واتساپ 📘 فەیسبووکی فەرمی 📷 ئینستاگرامی خوێندکاران 📍 کلیک لێرە بکە بۆ بینینی نەخشەی زانکۆ